قوتابیانی بەشی کوردی کۆلێژی پەروەردە سەردانی ئامادەیی سەروەرانیان کرد

لە چوارچێوەی کار و چالاکییە زانستییەکانی کۆلێژی پەروەردە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی وانەی “بینین – Observation”، قوتابیانی قۆناغی سێیەمی بەشی زمانی کوردی (خوێندنی ئێواران) بە سەرپەرشتی مامۆستا سامان ئەحمەد، سەردانێکی مەیدانییان بۆ ئامادەیی سەروەران ئەنجامدا.
ئەم سەردانە زانستییە بە ئامانجی ئاشناکردنی قوتابیان بە ژینگەی ڕاستەقینەی ناو پۆل، و فێربوونی تەکنیک و میتۆد و شێوازی وانەوتنەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ جیاوازییەکانی قوتابیان و .. بوو، تاوەکو لە داهاتوودا وەک مامۆستایەکی سەرکەوتوو ئامادەببن و بچنە کایەی پەروەردەوە.
لە چوارچێوەی سەردانەکەدا، لەلایەن بەڕێز “م. ڕووناک” بەڕێوەبەری ئامادەیی سەروەران و ستافی کارگێڕی و مامۆستایانی قوتابخانەکەوە پێشوازییەکی گەرم یان لێکرا. قوتابیان لە نزیکەوە ئاشنای کوالێتی بەرزی وانەوتنەوە و ژینگەی دەوڵەمەندی قوتابخانەکە بوون، لەوانە:

  • تاقیگە زانستییەکان.
  • کتێبخانەی قوتابخانە.
  • شێوازی بەڕێوەبردنی کارگێڕی.
    لە کۆتاییدا، مامۆستا سامان ئەحمەد بەناوی خۆی و سەرۆکایەتی بەشی زمانی کوردی و قوتابیانەوە، سوپاس و پێزانینی زۆری ئاڕاستەی م. ڕووناک و ستافەکەی کرد بۆ ئەو هەماهەنگییە و پێشکەشکردنی نموونەیەکی بەرزی دڵسۆزی لە بواری پەروەردەدا.