لە درێژەى کاروچالاکیەکانى کۆلێژى پەروەردە و خستنە رووى ئاستى زانستى و ئەکادیمى قوتابیانى کۆلێژ، رۆژى دووشەممە رێکەوتى ١٩/١/٢٠٢٦ سیمینارێک لە ژێر ناونیشانى (کۆسپەکانى فێربوونى زمانى ئینگلیزى لە کۆلێژى پەروەردە Imperfections of English: Department Systems) بەرێوەچوو. سیمینارەکە لە لایەن چەند قوتابیەک و بەسەرپەرشتى م. بارزان عبدالغفور طاهر پێشکەش کرا کە تیایدا بە وردی تیشک خرایە سەر ئەو ئاستەنگ و کەموکوڕییانەی زمانی ئینگلیزی کە دەبنە هۆی دروستبوونی هەڵە یان ناڕوونی لە بەڕێوەبردنی سیستەمە ئەکادیمییەکاندا.
بەشێوەیەکى گشتى سیمینارەکە لە چەند تەوەرەکى سەرەکى پوخت کرایەوە کە بریتى بوون لە:
١- لاوازی ئاستی ئاخافتن: گفتوگۆیەکی چڕ کرا لەسەر ئەو هۆکارانەی دەبنە ڕێگر لەبەردەم قوتابیانی زانکۆ کە نەتوانن بە زمانێکی پاراو بە ئینگلیزی قسە بکەن.
٢- کێشەی بەڕێوەبردنی پۆل: باس لەو ئاستەنگانە کرا کە لە کاتی وانەگوتنەوەدا ڕووبەڕووی مامۆستا و قوتابی دەبنەوە بەهۆی ناڕێکییەکانی زمانەوە.
٣- چارەسەر و پەرەپێدان: چەندین پێشنیاز و چارەسەر خرانە ڕوو بۆ پەرەپێدانی سیستمەکان، بە جۆرێک کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ناڕێکی زمان کەمبکرێتەوە و هەماهەنگی نێوان زمان و تەکنەلۆژیا لە دامەزراوەکاندا باشتر بکرێت.
سیمینارەکە بە گفتوگۆیەکی کراوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕا لە نێوان ئامادەبووان کۆتایی هات.
ئەم سیمینارە لە چوارچێوەى ئامانجى چوارەمى نەتەوە یەکگرتوەکان 4th SDG ئەنجام درا.









